بانکی بازرگانیی عێراق رازی بووە 400 ملیار دینارەکە بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان
دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، بانکى بازرگانیى عێراقى (تى بی ئاى) رازی بووە ئەو 400 ملیار دینارە بە قەزر بداتە هەرێمى کوردستان کە بڕیار بوو وەک شایستەى دارایی لەلایەن حکومەتى فیدڕاڵییەوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان. بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى کە تۆڕى میدیایی رووداو لە چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا دەستى کەوتوون، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق پێشنیازى بۆ بانکى بازرگانیى عێراق (تى بی ئاى) کردووە بۆ ئەوەى 400 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان، تاوەکو دواتر بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیی 2023 پاکتاو دەکرێت. رۆژی 28-2-2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 رێککەوتن. دوای ئەو رێککەوتنە ئەنجوومەنى بەڕێوەبردنى بانکی تی بی ئای لەسەر ئەو پرسە کۆبووەتەوە و رەزامەندى داوە لەسەر ناردنى ئەو 400 ملیۆن دینارە بە قەرز، بەڵام کاتى ناردنەکەى دیاری نەکراوە.